سەردێڕ:

راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سکانداڵێکی تورکیا لە عەفرین ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-09-20

8811 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان، سوپای تورکیا و میلیشیا نزیکەکانیان لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستاندا، پیاوە زیندانیکراوەکانیان بردووە و لە بەرچاویاندا دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵان.

رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتێکی تایبەت بە تورکیادا، بەشێک لەو دەستدرێژییانەی خستووەتەڕوو کە سوپای تورکیا و میلیشیا نزیکەکانی لە باکور و باکوری رۆژهەڵات و باکوری رۆژئاوای سوریا بەرامبەر بە ژنان و منداڵان و کورد و ئێزیدی و مەسیحیەکان ئەنجامیداوە و بە "دەستدرێژی گەورە" باسی لێوەکردوون.

 لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە شاری عەفرین سوپای تورکیا زیندانییە پیاوەکانی ناچارکردووە ئامادەی بینینی دیمەنی دەستدرێژی سەر چەندین منداڵ بن لە بەردەمیاندا.

باس لەوەشکراوە، لە ئەمساڵدا بە ڕوونی دەستدرێژییە گەورەکانی سوپای تورکیا و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و گروپی توندڕەو لە عەفرین و ترابلوس و ئیدلیب و گرێ سپی ئاشکرابوون.

دەشڵێت، "رفاندنی خەڵکی مەدەنی بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و ناچارکردنیان بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان و ئەنجامدانی پاکتاوی نەژادی و دەستدرێژیکردنە سەر ژن و منداڵیان بە پلەی یەکەم لەگەڵ کورد و ئێزیدی و مەسیحیەکان ئەنجامدراون."

لەلایەن خۆیەوە، میشێل باشلیت کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پشتگوێخستنی پاراستنی خەڵکی مەدەنی دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ یاساکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوونی مرۆیی نێودەوڵەتی بە مافەکان و رێزگرتن لێیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بێلایەن و شەفاف و سەربەخۆ لەبارەی رووداوەکان دەستپێبکات تا چارەنوسی گیراوەکان و ئەو کەسانەی فڕێندراون ئاشکرا بکرێن و ئەو بەرپرسانەی ئەم کارەنەیان ئەنجامداوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

باسی لەوەشکرد، هەندێک لەو کارانە دەچنە چوارچێوەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

پێشتر، مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، بەشێکی کەمە لە تاوانی جەنگیی کە لەلايەن گروپە چەکدارەکانی تورکياوە لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا ئەنجامدراوە.