سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: بەهۆی فرت و فێڵی بەرپرسانی هەرێمەوە چەند ساڵە بەغدا پارەی گەنمی جوتیارانی دواخستووە

فۆتۆ: 
2020-09-20

3713 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگەیاند، لەساڵی ٢٠١٤دا، بەرپرسە بازرگانەکانی هەرێم دەستیان خستووەتە ناو ناردنی گەنمی جوتیاران بۆ بەغدا و بڕێکی زۆر گەنمی خراپیان لە سوریا و وڵاتانی تر بە نرخێکی هەرزان کڕیوە و لەگەڵ گەنمی جوتیارانی کوردستان لە سایلۆکان تێکەڵیان کردووە و هەناردەیان کردووە. دەشڵێت، "ئەو فرت و فێڵە بووەتە هۆی نەناردنی پارەی گەنمی جوتیاران."

کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "حکومەتی عێراق بەم فرتوفێڵەی زانی وپارەی جوتیارانی هەرێمی ڕاگرت ونەینارد، بەمەش زیانێکی زۆر بەر جوتیاران کەوت و بەهۆیەوە چەندین ساڵە پارەی جوتیاران دوادەکەوێت و نادرێت، تا وایلێهات مامە حاجیەکی جوتیار هەوڵی دەستماچکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بدات تا ئەو شایستە داراییەی کە مافی خۆیەتی بۆی بنێرن."

باس لەوەشدەکات، "لە ماوەکانی ڕابردووش، جارێکی تر ئەو بەرپرسە بازرگانانە دەستیانکرد بە کاری قاچاغی زێڕ لە ڕێگای فڕۆکەخانەکان، ئەویش بە ناردن وهێنانی زێڕ لە ڕێی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی وهەولێر بە نایاسایی."

ئەوەشی وتووە، "حکومەتی عێراق بەمەی زانی و بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی زێڕی دەرکرد لە ڕێگای ئەو دوو فڕۆکەخانەیە ،ئەمەش وایکرد کە زیانێکی زۆر بەر زێڕەنگرانی هەرێم بکەوێت وکاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕی زێڕ لەهەرێم دروستکردوە."

کاوە عەبدولقادر دەشڵێت، "ئینجا سەیرکەن میللەتی ئێمە چۆن باجی فرت و فێڵ وقاچاغچێتی ئەم بەرپرسە بازرگانانە دەدات و ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم چۆن بوونەتە بار بەسەر ئەم میللەتە مەزڵومەوە و ئەمانە چ ڤایرۆسێکی مەترسیدان بەسەر لاشەی هاوڵاتیانەوە."

دوای چەندین ساڵ لە راگرتنی، وابڕیارە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لە چەند رۆژی داهاتوودا لە بەغداوە بگاتە هەولێر و بەسەریاندا دابەشبکرێت.