سەردێڕ:

سەنتەری میترۆ: پەرلەمان و سەندیکا و میدیاکان و ڕێکخراوەکان بێدەنگن لەبەرامبەر داخستنی ئۆفیسەکانی ئێن ئار تی

فۆتۆ: 
2020-09-20

1264 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری میترۆ داوا لە ئەندامانی پەرلەمان و رێكخراوەكانی تایبەت بە ئازادی رۆژنامەگەری و دامەزاوەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان دەكات فشار بكەن بە ئاڕاستەی كۆتاییهێنان بە پێشێلكردنی ئازادی كاری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین.

ماوەی مانگێكە ئۆفیسەكانی كەناڵی NRT لە شارەكانی هەولێر و دهۆك بەبێ بڕیارێكی راگەیەنراو و روونی دادوەری، دەرگاكانیان بە زەبری هێز داخراوە، فشار دەكرێتە سەر كاری پەیامنێر و كارمەندانیان، رێگە بە كاركردنیان نادرێت.

مانگێك لە داخستنی ئۆفیسی ئین ئاڕ تی  لە دهۆك و هەولێر، سەرباری فشار و چاودێریكردنی كاری پەیامنێرانی كەناڵەكە، بەڵام رۆژنامەنوسانی بە شێوازی جوراجۆر راپۆرت و هەواڵی خۆیان لەو شارانە ئامادەكردووە و نەیانهێشتووە، ئامانجی بڕیارەکە سەربگرێت.

جێگەی نیگەرانیمانە كە سەندیكای رۆژنامەنوسان، سەندیكای پارێزەریان، یەكێتی نوسەران، كە ناوەندی داكۆكیكاری ئازادی رادەربڕینن، هەڵوێستی دیار و جدیان لەسەر ئەم پرسە دەرنەبڕیوە، لە بەرامبەردا چەندین رێكخراوی داكۆكیكاری ئازادی رۆژنامەگەری نێودەوڵەتی، هەڵوێستیان هەبووە و نامەی ناڕەزایەتییان بۆ كاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە.

 زۆر نیگەرانین لەوەی كە هاوپشتی پیشەیی لە نێو زۆرینەی دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستانی و رۆژنامەنوسان ئامادەبوونی نییە، ئەوكاتە بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری دەكەن كە خۆیان دەكەونە بەردەم فشار و رێگریی، بەڵام لەبەردەم چەوسانەوەی هاوكارەكانیان داخستنی كەناڵی میدیای تر چالاك نین، تەنانەت هەواڵێك لەسەر ئەو پێشێلكاریانە ئامادە ناكەن.

سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات چاوبخشێنێتەوە بە بڕیاری داخستنی ئۆفیسەكانی كەناڵی NRT، زانیاری بدات بە رای گشتی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بە پێی كام یاسا ئەو ئۆفیسانە داخراون؟ كوا بڕیار و نوسراوی رەسمی دادوەر؟

سەنتەری میترۆ داوا لە سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆن و لیژنەكانی دەكات، بێدەنگی بشكێنن بەدواداچوونی جدی بكەن بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و كاركردن بۆ كردنەوەی ئۆفیسەكانی كەناڵی NRT و ئازادكردنی كاری پەیامنێرەكانی.

 سەنتەری میترۆ لە ئابی ٢٠٠٩ بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگ‌ و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزراوە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسییە لە هەرێمی كوردستانی عێراق.

لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنووسانی جەنگ ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی  (IMS)، پاڵپشتی كردووە. بۆ ساڵی ٢٠٢٠ چوار پڕۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی  IMSی دانیماركی و رێكخراوی  Intenews  جێبەجێدەكات.