سەردێڕ:

کارکردن لە هێڵی شەمەندەفەری نێوان موسڵ و تورکیا دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2020-09-20

26984 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کارەکانی ڕاکێشانی هێڵێکی ئاسنینی نوێ دەستپێدەکات کە شاری موسڵ بە تورکیاوە دەبەستێتەوە.

نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا بە ڕۆژنامەى سەباحی راگەیاندووە، تیمەکانی ئەندازیاری و هونەری تایبەتمەند بە هاوکاری کۆمپانیاکانی تورکیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە پڕۆژەکە دەکەن لەپێناو ئاسانکردنی هاتوچۆ و کەمکردنەوەى قەرەباڵغی ڕێگاکە.

نەجم جبوری جەختیکردەوە، "پڕۆژەکە یەکەمین هەوڵی گەورەى ئاڵوگۆڕی ئابوری و وەبەرهێنانە لەنێوان شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا و کۆماری تورکیادا."

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژنامەکە زانیاری زیاتری لەبارەى شێواز و چۆنیەتی پڕۆژەکە نەخستووەتەڕوو.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی عێراق رایگەیاند، دەیەوێت هێڵی ئاسنینی سەرانسەری عێراق کە لە بەندەری بەسرەوە دەستپێدەکات نۆژەنبکاتەوە و داواشی لە حکومەتی فەڕەنسا کردووە بۆ دامەزراندنی هێڵی میترۆ هاوکاری بکات.

لەلایەکی دیکەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم رایگەیاند، کە لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە هەموو کوردستان پێکەوە دەبەستنەوە و ئەگەر باری ئابوری گونجاو بێت، ئەوا لە کۆتایی ئەمساڵەوە پرۆژەکە دەستپێدەکات.

‌بەپەلە