سەردێڕ:

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: حکومەت هۆکاری سوتانی دارستانەکانە

فۆتۆ: 
2020-09-20

4124 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، حکومەت کەمتەرخەمە و پێویستە بودجەی پێویست بۆ دارستان و ژینگە دابین بکات. دەشڵێت، "کەمتەرخەمی حکومەت بووەتە هۆی سوتانی دارستانەکان."

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنفرانسێكی هەواڵیدا ڕایگەیاند، سوتانی دار و دارستان و ژینگەی سنوری ئەنجومەنەکەیان بەهۆی نەبوونی ئاگربڕەوەیە لەکاتی خۆیدا و حکومەتیش کەمتەرخەمە لە دابین نەکردنی بڕە بودجەی پێویست و ئاو و خزمەتگوزاریی بۆ باخچەکان.

دەشڵێت، ئەوان بەبێ بودجە ناتوانن خزمەتی دارستان و سنەوبەرەکان بکەن و حکومەت پێویستە بودجەیەک تەرخان بکات کە پەیوەست نەبێت بە قەیرانی داراییەوە.

باسی لەوەشکرد، کە لیژنەیەکیان بۆ سوتانی دارستانەکانی سلێمانی دروستکردووە و پێیان وتوون کە چاوپۆشی لە کەس نەکەن و دواتر بەپێی راپۆرتەکەیان لێپرسینەوە لەگەڵ هەرکەسێکدا دەکەن کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بێت.

لەماوەی رابردوودا، بەشێکی بەرچاوی شاخی گۆیژە و دارسنەوبەرەکانی رێگەی تاسلوجەی سلێمانی سوتان و بەشێک لە هاوڵاتیانیش گومانیان لەو ئاگرکەوتنەوانە هەیە و بە دەستێکی ئەنقەستی دەزانن بۆ دروستکردنی پرۆژە لە جێگایاندا.