سەردێڕ:

ئەمریکا لەبارەی سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێران بڕیاریدا

فۆتۆ: 
2020-09-20

6242 جار خوێندراوەتەوە

واشنتۆن: سزاکانی سەر ئێران خرانەوە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرکەس پابەندنەبێت سزادەدرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی کۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێرانی راگەیاند کە بەهۆی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە سڕکرابوون. وتیشی هەر لایەنێک پابەند نەبێت سزادەدرێت.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا دەستپێکردنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێرانی راگەیاند. ئاماژەی بەوەشدا، کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان ئاگادارکردووەتەوە لەو پێشێلکارییە گەورانەی ئێران ئەنجامیداون و پابەندی تەواوی پلانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە نەبووە.

راشیگەیاند، "بەپێی ناوەرۆکی بڕیارەکانی ژمارە ١٦٩٦ و ١٧٣٧ و ١٨٠٣ و ١٨٣٥ و ١٩٣٩ کەبەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ سڕکران لە کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی یەکشەممەوە  کۆی سزاکان چالاکدەکرێنەوە و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە."

باسی لەوەشکرد، "لە بەخت باشی جیهانە ئەمریکا بڕیارێکی بەرپرسانەیداوە لەوەی ڕیگەنادات ئێران چەکە باوەکانی دەستبکەوێت."

دەشڵێت، "سزاکان رێگریکردنە لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرەوپێشبردن و تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی و هەناردەکردنی هەر پرۆگرام و تەکنەلۆجیایەک دەگرێتەوە کە پەیوەست بێت بە  موشەک و بەرنامەی ئەتۆمییەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان پابەندنەبوون بە سزاکانەوە، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە هەموو دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی بەکاربهێنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا."

لەلایەن خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "گومانم هەیە ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردبێتەوە، لە دۆخێکی لەم جۆرە گوماناوییەدا ناتوانم هیچ هەنگاوێک بنێم."

دەستپیکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەکاتێکدایە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیری ئەمریکا ناکەن لەم هەنگاوەیدا لە نێویشیاندا فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا.