سەردێڕ:

ترەمپ: روسیا و چین ئیرەییمان پێدەبەن

فۆتۆ: 
2020-09-20

6320 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەریەک لە روسیا و چین ئیرەیی بە وڵاتەکەی دەبەن و ئەوەشی بۆ هەبوونی چەکی بەهێز و کاریگەری وڵاتەکەی گەڕاندەوە. دەشڵێت، "چەکی وەهامان دروستکردووە کە هێشتا جیهان بەخۆیەوە نەبینیوە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەناو لایەنگرانیدا لە ویلایەتی نۆرس کارۆلینا رایگەیاند، روسیا و چین ئیرەیی بە وڵاتەکەی دەبەن، چونکە دیزاینی کۆمەڵێک چەکی نوێیان کردووە و ئەو دوو وڵاتە ناتوانن بەو پێشکەوتووییە دروستیان بکەن.

راشیگەیاند، کە ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی روسیا و شی جینپینگی سەرۆکی چین و کۆریای باکوریش ئیرەیی بەو کەلوپەلە سەربازییانە دەبەن کە ئەمریکا هەیەتی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندایە و رۆژانە دەیان قسەی لەم جۆرە دەکات و میدیا نەیارەکانیشی بە وەرگرتنی هاوکاری لە وڵاتانی روسیا و چین تۆمەتباری دەکەن.