سەردێڕ:

بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دژی سەپاندنەوەی سزاکانن بەسەر ئێراندا

سزا لەلایەن ئەمریکاوە
فۆتۆ: 
2020-09-20

4345 جار خوێندراوەتەوە

بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا وەک سێ وڵاتی ئەوروپی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی دژایەتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا لە پێناو سەرلەنوێ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر تاران دەربڕی.

ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە لە نامەیەکیاندا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، "هەر جۆرە بڕیار یان هەنگاوێک بۆ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بە سەر ئێران هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و پێویستە ئەو سزایانە هەڵپەسێردرێت و هەڵپەساردنەکەشی بەردەوام بێت."

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئێمە بێ وەستان کارمان کردووە بۆ پاراستنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی و پابەندیش دەبین بەو رێککەوتنەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا رایگەیاندووە، کە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان کە بەهۆی رێککەوتنی ئەتۆمیەوە هەڵپەسێردرابوون جارێکی تر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنرێنەوە.

بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە، وڵاتانی دیکەی بەشدار لە رێککەوتنەکە دەتوانن دۆسیەکە ببەنەوە ئەنجومەنی ئاسایش و داوای گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتیەکان بکەن.

ئێران و وڵاتانی تری بەشداریش لە رێککەوتنەکە باس لەوەدەکەن، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە لە رێککەوتنەکە کشاوەتەوە مافی ئەوەی نییە پرسی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.