سەردێڕ:

سێ رێنمایی فاوچی بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش

فۆتۆ: 
2020-09-19

28558 جار خوێندراوەتەوە

گەورە پسپۆری جیهانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا جەختی لەسەر پابەندبوونی رۆژانە بە سێ رێنمایی سەرەکیەوە کردەوە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش.

ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی بۆ هەستەوەری و نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا و یەکێک لە گەورە پسپۆڕانی جیهانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان سێ رێنمای گرنگی بڵاوکردەوە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش کە  یارمەتیماندەدات لە روبەڕوبوونەوەی هەر نەخۆشییەکی گوازراوە و ڤایرۆسی، کە تیایدا هاتووە، "ئەو کەسانەی کەمی ڤیتامین دی)یان هەیە پێویستە خۆراکە تەواوکارەکان بخۆن کە دەتوانن لە توشبوون بە نەخۆشیەگوازراوەکان کەمبکەنەوە."

دەشڵێت، "سێ خوی سەرەکی هەن پێویستە رۆژانە پابەندبین بە ئەنجامدانیان کە سود بەخشن بۆ بەهێزکردنی دەزگای بەرگری لەشمان، ئەوانیش خەوتنی پێویست و خواردنی خۆراکی دروست بەشێوەی رێک و پێک و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکان."

توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەوکەسانەی رۆژانە کەمتر لە شەش کاتژمێر دەخەون چوار ئەوەندە زیاتر توشی پەتای وەرزی دەبن، چونکە خەو بەرپرسە لە چالاککردنی ئەو پرۆتینانەی دژە هەوکردنن.

توێژینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە، کە خواردنی باش و هاوسەنگ لە ڤیتامینەکان و کانزاکان یارمەتی بەهێزکردنی خانەکانی بەرگری دەدەن، خواردنی بڕێکی زۆر لە شەکر و خوێ و خۆراکی لەقوتوندراو کاریگەری خراپ لەسەر دەزگای بەرگری دادەنێن.

هاوکات، نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکان کاریگەری خراپ لەسەر دەزگای بەرگری دادەنێن و رێگەنادەن ئەو هۆرمۆنانەی بۆ بەرنگاربوونەوەی نەخۆشیەگوازراوەکان بەسوودن بەشێوەیەکی دروست کاری خۆیان ئەنجامبدەن.