سەردێڕ:

چین هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-09-19

8767 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند، چین ئامادەیە هەر هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر بەمەبەستی پاراستنی مافە یاساییەکان و بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا چینییەکان.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بازرگانی چین رایگەیاند، ناڕەزایەتی لەبەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی بەرنامەکانی تیک تۆک و ویچات لە وڵاتەکەدا دەردەبڕن و ئەوەش هاتووە، "ئەمریکا بە بەردەوامی بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک رێگری لە هەردوو کۆمپانیاکە کردووە، شێوەی ئاسایی چالاکییە بازرگانییەکانیانی تێکداوە و ئاستی متمانەی وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکانی بە ژینگەی وەبەرهێنانی ئەمریکا لاوازکردووە و زیانی بە ئاستی ئاسایی داواکاری بازرگانی و ئابوری جیهانی گەیاندووە."

هاوکات، وەزارەتی بازرگانی چین هۆشداریی بە ئەمریکا داوە، کە دەست بەجێ دەستبەسەرداگرتن و کۆتوبەندکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان رابگرێت، دووپاتیشیکردووەتەوە، "گەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە کردارەکانی، ئەوا چین هەر هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی مافە یاسایی و بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا چینییەکان دەگرێتەبەر."

هەر ئەمڕۆش، کۆمپانیای بایت دانسی خاوەنی تیکتۆک و بەرنامەی تیکتۆک سکاڵایەکیان لە دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا لە واشنتۆن لە دژی بڕیارەکەی ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا پێشکەشکرد، لەسەر قەدەغەکردنی تیکتۆک و ویچات و داوادەکەن بڕیارەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە لەسەرتاسەری ئەمریکادا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری تیکتۆک هەن.

لە ماوەی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ بەرپرسانی چینی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە رێگەی بەرنامەکانی تیکتۆک و ویچاتەوە دەیانەوێت دەستیان بە زانیارییەکانی وڵاتەکەی بگات و بۆ ئەوەش، فەرمانی جێبەجێکاری بۆ قەدەغەکردنیان دەرکرد.