سەردێڕ:

ئێران پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆڵبەریی خستەڕوو

فۆتۆ: 
2020-09-19

5892 جار خوێندراوەتەوە

ئێران لەهەوڵی ئەوەدایە بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کۆڵبەریی، بازاڕچە سنورییەکان لە سێ پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان رێکبخاتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەنجومەنی گەشە و ئاسایشی سەقامگیر لەو وڵاتە، پەیڕەوی رێکخستنی هاوردە و هەناردەی کاڵای لە بازاڕچە سنورییەکانی ورمێ، سنە و کرماشان پەسەندکردووە.

نادر سادقی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئابوری رایگەیاندووە، هیوادارن بەو هەنگاوە بەرەنگاری بە قاچاخبردنی کاڵا و دراو ببنەوە و بەشێکی بەرچاو لە کێشەی کۆڵبەرەکان چارەسەر بکەن.

بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە ژمارەیەک لە دانیشتوانی ناوچە سنورییەکانی رۆژهەڵات روویان لە کاری کۆڵبەری کردووە و ساڵانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران نزیکەی ١٠٠ کۆڵبەر دەکوژرێن.

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٥٠ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ١٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.