سەردێڕ:

بەهۆی کۆرۆناوە یانەیەک بە ئەنجامی ٣٧ بە سفر یارییەکی تۆپی پێی دۆڕاند

فۆتۆ: 
2020-09-19

3826 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پەیڕەوکردنی رێکارە تەندروستییەکانەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، یانەیەکی ئەڵمانی ٣٧ بە سفر بە یانەیەکی رکابەری دۆڕا.

رۆژی یەکشەممە، لە خولی ١١ی یانەکانی ئەڵمانیادا، هەردوو یانەی ریپیدۆرف و هۆڵدێنتستیتید پێکەوە یارییان کرد و لەئەنجامدا یانەی هۆڵدێنتستیتید بە ٣٧ گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی ریپیدۆفی بردەوە.

پاتریک ریستۆو هاوسەرۆکی یانەی ریپدۆرف بە ماڵپەری ESPNی ئەمریکی راگەیاند، "ئێمە نەماندەویست گیانی کەس بکەوێتە مەترسییەوە، نزیکەی دوو مەتر لە نێوان یاریزانانی یانەکەمان و یانەی بەرامبەر هەبووە، بەڵام یاریزانانی یانەی هۆڵدێنتستیتید لەوە تێناگەن."

ریستۆو ئەوەشی وت، کە لەکاتی یارییەکەدا، هەستییان بە سەلامەتی نەکردووە لەکاتێکدا هێشتا ١٤ رۆژ بەسەر بەرکەوتنی یاریزانانی یانەی هۆڵدێنتستیتید بە توشبوویەکی کۆرۆنا تێنەپەڕیەوە، بەو مەبەستەش "داوامان کردووە کە یارییەکە دوابخرێت بەڵام رەتکراوەتەوە. "

هاوسەرۆکی یانەی ریپدۆرف باسی لەوەشکرد، کە یانەی هۆڵدێنتستیتید دەرفەتییان نەداوە و هەر دوو بۆ سێ خولەک جارێک گۆڵییان تۆمارکردووە.

لەوبارەیەشەوە، فلۆریان شێرواتەری راهێنەری یانەی هۆڵدێنتستیتید رایگەیاند، "هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ ئەوەی یارییەکە ئەنجام نەدرێت".