سەردێڕ:

لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقەوە روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-09-19

3286 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق رایگەیاند، کارەکانی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوور لە کۆتاییدایە و گۆڕانکاری جەوهەری لەخۆدەگرێت. دەشڵێت، "ئەو ماددانەی كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ھیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكراوە."

موحسین سەعدون، ئەندامی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی راگەیاندووە، "كاری لیژنەی ئێمە بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و تەنھا چەند ماددەیەكی كەم ماوە و خەریكە لە ھەمواركردنی تەواو دەبین."

باسی لەوەشکردووە، ئەو ماددانەش كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ھیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكراوە و وەكو خۆیان ماون، بەڵام ماددەی١٤٠ جەختی لەسەر كراوەتەوە، كە پێویستە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی و بەرپرسیارێتی ئەو كارەش خراوەتە سەر ئەستۆی پەرلەمان.

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دەستوری عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێڕاق رایگەیاند کە ئەوەی گۆڕانكاریی تێدا كراوە، زیادكردنی دەسەڵاتی سەركۆمارە، لەگەڵ ماددەی ٧٦ كە باس لە گەورەترین كوتلە دەكات كە سەركەوێت لە ھەڵبژاردنەكان کە ئەمەش بەردەوام كێشەی لەسەر بوو كێ حكوومەت دروست بكات، ئێستا ئەوە یەكلا كراوەتەوە و كێ زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت، بە پێی ھەموارەكە ئەو دەبێتە گەورەترین كوتلە و حكومەت دروست دەكات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھیچ گۆڕانكارییەك لەو ماددانە نەكراوە كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستان و مافەكانی ھەرێمەوە ھەیە.

وتوشییەتی، "ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٣٢٩ پەرلەمانتارەوە بۆ ١٧٥ پەرلەمانتار كەم دەكرێتەوە كە ٢٥٠ھەزار دەنگدەر یەك ئەندامی دەبێت، بۆیە ئەوە گۆڕانكارییە جەوھەرییەكانی ھەمواركردنی دەستووری عێراقن، كە لە كاتی ھەمواركردنەوەی لەلایەن لیژنەی ئێمەوە كراون".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "كەمكردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران لەسەر ھەمووان جێبەجێ دەكرێت و لە ھەڵبژاردنەكاندا كێ زۆرترین كورسی بێنێت، ئەوە حكومەت دروست دەكات و ئەوە لەسەر ئەوە دەمینێتەوە كێ زۆرترین دەنگ بەدەست دێنێت، ئەمەش ھیچ كاریگەرییەكی لەسەر دەنگی كورد نابێت".

ئەوەشی وتووە، "ھەر كاتێك ئێمە كارەكانمان تەواو بوون، رەوانەی پەرلەمانی دەكەین بۆ دەنگدان و دواتر كە قبوڵ كرا، ئەو كات دەخرێتە راپرسییەوە و خەڵك بڕیاری لەسەر دەدات".

دەستووری نوێی عێراق لەدوای پرۆسەی ئازادیی وڵاتەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ نوسراوەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە.