سەردێڕ:

وەزارەتی كشتوكاڵ: پێشتر هەوڵدراوە ناوچەی تاسڵوجە بکرێت بە پڕۆژە

فۆتۆ: 
2020-09-19

2744 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ڕایگەیاند، پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە دروستبكرێت.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە دروستبكرێت."

دەشڵێت، "ئەم دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندوبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە و لەئێستادا دار سنەوبەرەکانی ئەو ناوچەیە كەوتووەتە ناو سنوری شارەوانی تاسڵوجە و راپەڕین".

باس لەوەشكراوە، "لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە لە چەند رۆژی رابردوو روویداوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریاریکردنی هۆکارەکان و گرتنەبەری رێککاری پێویست".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "وەزارەتمان پڕۆژەی بۆ پاراستنی دارستانەكان ئامادەكردووە، لە ئێستادا لە قۆناغی پەسندكردنە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە دارستانەکان لە سوتان و لەناوچوون بپارێزرێن".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ هەینی بەشێك لە سنەوبەرەكانی ڕێگەی تاسڵوجە لە سلێمانی ئاگری تێبەردرا و ئەوەش نیگەرانی دانیشتوانی شارەکە و ڕێكخراوەكانی بواری ژینگەی بەدوای خۆیدا هێنا.