سەردێڕ:

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: ئەمڕۆ کێشەی کەمئاویی چەند گەڕەکێک چارەسەردەبێت

فۆتۆ: 
2020-09-19

8387 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ کێشەی کەمئاوی ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە بەهۆی چاککردنەوەی بۆری ئیفراز لە چەند رۆژی رابردوودا توشیان بوبوو، بە تەواوی چارەسەر دەبێت و ئاویان بۆ دەگەڕێتەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو کارەکانی چاککردنەوەی بۆری ئیفراز سێ کوتاییهات و دواتر ئاو بەردرایەوە، دوێنی و شەوی رابردووش زۆربەی ئەو گەڕەکانەی ئاویان نەمابوو، ئاویان بۆ گەڕێنراوەتەوە بە تایبەت گەڕەکەکانی فەرمانبەران و گەلاوێژ و برایەتی."

دەشڵێت، "لە ئێستادا تەنها چەند شوێنێک ماون کە ئاویان بە نۆرە بۆ دێت و ئەمڕۆ ئەوانیش ئاویان پێدەگاتەوە."

لە ۱٤ی ئەم مانگەدا، بەهۆی چاککردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز سێ بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر توشی بێئاوی بوون  پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ رۆژانە توانای دابینکردنی ۲۰۰ ملیۆن لیتر ئاوی هەیە و ٣٥%ی دانیشتوانی شاری هەولێر لەو پڕۆژەیەوە ئاویان بۆ دابیندەکرێت.

ئومێد چۆمانی، هەولێر