سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشێوەی ئاشکرا دەبێت

فۆتۆ: 
2020-09-19

191145 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەکەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەکرێت و ئەوەش بۆ نەهێشتنی قۆرخکاری دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە گروپێکی ئەلیکترۆنی کاراکراوە کە سەرجەم بانکە ئەهلیەکان و کۆمپانیاکان و نوسینگەکان کە مۆڵەتی فەڕمیان هەیە بۆ گۆڕینەوەی دراو، دەتوانن بەشداربن."

دەشڵێت، "هەموو شوێنە فەڕمییەکان دەتوانن لە پڕۆسەی کڕینی ئاشکرادا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشدار بن و ئەوەش، لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و هەلی وەک یەک بۆ هەموان و زیادکردنی داهاتی گشتییە."

پێشتر فرۆشتنی دۆلار لە رێگەی بانکی ناوەندی عێراقەوە بووە، هەموو ئەو بانکە ئەهلییانە و خاوەن نوسینگەی ئاڵوگۆڕانە کە مۆڵەتیان هەبووە توانیویانە بچنە ئەو زیادکرنە ئاشکرایانەی بانکی ناوەندی عێراقی و لە پاش ئەم بڕیارەشەوە، لە بری ئەوەی بازرگانەکان و خاوەن کۆمپانیاكان ناچار بن لە بەغداد دۆلار بکڕن، لە هەرێمی کوردستان دەیکڕن، لەلایەکی ترەوە تەنیا بانکێک لە گۆڕینەوەی دۆلاری سودمەند نابێت.