سەردێڕ:

بەشێک لە دانیشتووانی پرۆژەی ئەوین سیتی گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-09-19

6211 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە دانیشتووانی پرۆژەی ئەوین سیتی لە سلێمانی گردبوونەوە و رایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٧وە تاوەکو ئێستا کێشەی مەیدانی ئاژەڵفرۆشانیان هەیە کە لە نزیکیاندایە و بۆنی ناخۆشی مەیدانەکە بێزاری کردوون.

یەکێک لە دانیشتووانی پرۆژەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "خانووەکانمان باشترینن، بەڵام بۆنی مەیدانی ئاژەڵان ئێمەی کوشتووە، دەڵێی کیمیاییەکەی هەڵەبجەیە."

دەشڵێت، "بە تایبەت کاتێک کە با بۆنەکە دەهێنێت بەرەو ماڵەکانمان، ئیتر بەرەو خنکان دەچین و داوامان ئەوەیە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت."

دانیشتوویەکی دیکەی پرۆژەکە ئاماژەی بەوەکرد، "من تێناگەم قەسابخانە بۆ چی کراوە؟ بۆچی حەیوان پاککردن و هەموو شتێک لەم مەیدانەدا بێت."

باسی لەوەشکرد، خاوەنی پرۆژەکە کەسێکی بەرپرسە و دەیەوێت لە هەموو شتەکاندا هاوبەشیان بێت و تەنانەت هێڵی ئینتەرنێتیشی بە هاوبەشی بۆ راکێشاون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون رۆژانە گرد دەبنەوە و داوای خزمەتگوزاری زیاتر و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان دەکەن.