سەردێڕ:

عێراق داوادەکات کوەیت وەرگرتنەوەی قەرەبووکردنەوە دوابخات

فۆتۆ: 
2020-09-18

2388 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە کوەیت کرد وەرگرتنەوەی قەربووکردنەوەی داگیرکاری دوابخات بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابوری لەو وڵاتەدا.

بەپێی راگەیاندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی محەمەد حەلبوسی و سەباح خالید حەمەد سەباح تاوتوێی دۆسیەی قەرزی ماوە لەسەر عێراق و دواخستنی دانەوەی کراوە بەهۆی قەیرانی دارایی کە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان لەنێویاندا عێراق روبەڕوی بوونەتەوە.

وەک لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، سەرۆکوەزیرانی کوەیت بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی راگەیاندووە کە راسپاردەی سەباح ئەحمەد جابر سەباح میری وڵاتەکەی، ئەوەیە کە پشتیوانی لە عێراق بکرێت لە سەرجەم بوارەکاندا.

لە ساڵی ١٩٩١ لیژنەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهێنرا و عێراق پابەندکرا بە پێدانی ٥٢ ملیار دۆلار وەک قەربووکردنەوە بە کوێت بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی داگیرکردنی لەلایەن سوپای عێراقەوە پێیگەیشت.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئێستا عێراق بڕی زیاتر لە ٤٨ ملیار دۆلاری لەو قەرزە داوەتەوە بە کوەیت.  

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق، لەبەرامبەر ئەنجامدانى تاوانى کۆمەڵکوژى دژى گەلى کورد، لەلایەن رژێمى بەعسەوە، پێویستە گەلى کورد قەرەبووى ماددى و مەعنەوى بکرێنەوە، بەڵام دواى زیاتر لە ٣٢ ساڵ لە ئەنجامدانى تاوانەکانى ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجە، تا ئێستا حکومەتى عێراق قەرەبووى زیانلێکەوتووانى کوردى نەکردووەتەوە.