سەردێڕ:

پێکدادان لە نێوان زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن و پاسەوانی سنوری ئێراندا روویدا

فۆتۆ: 
2020-09-18

7281 جار خوێندراوەتەوە

لەسنوری شەلەمچەی نێوان ئێران و عێراق پێکدادان لە نێوان ژمارەیەک زیارەتکار و هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران روویدا، کە بەنیازبوون بۆ بەشداری لە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لەو دەروازەیەوە بپەڕنەوە بۆ عێراق.

محەمەد حەیدەری جیگری پارێزگاری خوزستان رایگەیاندووە، سنوری شەلەمچە بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە و هاتوچۆکردنی هاوڵاتیان لەو دەروازە سنوریە قەدەغەیە.

راشیگەیاند، دوژمنانی وڵاتەکەیان هەوڵدەدەن بە ئاراستەکردنی رێپێوانی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن پشێوی بنێنەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان زیارەتکاران بە وتنەوەی دروشمە ئایینیەکان دوای پێکدادان لەگەڵ پاسەوانی سنوری ئێران یەکەم بازگەی دەروازەی شەلەمچەیان تێپەڕاندووە.

هەوڵی ئەو زیارەتکارانە لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، ئەمساڵ لەچوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رێگە بە زیارەتکارانی بیانی نادەن بۆ بەشداری لە رێورەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن بچنە وڵاتەکەوە.

بەپێی ئامارە فەرمیەکانی ئێران ساڵی رابردوو، لە رێپێوانی چلەدا نزیکەی یەک ملیۆن شیعەی ئێران و ئەفغانستان و پاکستان لە رێگەی دەروازە سنورییە زەمینیەکانەوە چووبوونە ناو خاکی عێراقەوە.