سەردێڕ:

لێدوانی هەواڵگری ئیسرائیل لەبارەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیەدا

فۆتۆ: 
2020-09-18

4463 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئیسرائیل رایگه‌یاند، سعودیه‌ش خەریکە له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ده‌گاته‌ رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و دەشڵێت، "له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ئاسایکردنەوەیە له‌مساڵدا رووبدات."

یوسی كۆهین سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئیسرائیل به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئیمارات و به‌حرێن به‌سته‌ڵه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی تواندووه‌ته‌وه‌، دەشڵێت، "سعودیه‌ش خه‌ریكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی ده‌كاته‌وه‌."

لەوەڵامی پرسیاری ئایا لەگەڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازادەی سعودیەوە دواوە، به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ دەڵێت، "پێم باشه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌دوێم."

كۆهین جه‌ختی له‌وەشکرده‌وه‌، له‌ رێگای ئه‌و رێككه‌وتننامانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌بێته‌ فه‌رمی كه‌ ساڵانێكه‌ به‌نهێنی بوون.

سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەیندا واژۆمان کرد ستراتیژییەتی جەنگمان لەگەڵ ئێراندا گۆڕی."

باسی لەوەشکردووە، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان لەگەڵ سعودییه‌دا له‌ هه‌ر چركه‌ساتێكدا له‌وانه‌یه‌ رووبدات.

راشیگەیاندووە، "به‌ته‌واوی له‌وه‌ دڵنیام ده‌كرێت ئه‌وه‌ ببێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ئاسایی بوونه‌وەیە‌ له‌مساڵدا رووبدات."

لە ماوەی رابردوودا، بە نێوەندگیری ئەمریکا هەریەک لە ئیمارات و بەحرەین رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا و نوێنەری هەرسێ وڵاتەکە بە فەرمی واژۆیان لەسەر رێککەوتننامەکەیان کرد.