سەردێڕ:

ئاوەدانکردنەوە: سەرانسەری کوردستان بە هێڵی ئاسنین بەیەکەوە دەبەستینەوە

فۆتۆ: 
2020-09-18

44892 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە هێڵی ئاسنین بەیەکەوە دەبەستنەوە. دەشڵێت، رەنگە کۆتایی ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکەن.

مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، "سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە هێڵی ئاسنین بەیەکەوە دەبەستنەوە و دروستکردنی هێڵەکەش چەند قۆناغێکی بڕیوە."

ئاماژەی بەوەشكرد، "هەوڵدەدەین لەڕێی کۆمپانیا بیانیەکانەوە پڕۆژەی هێڵی ئاسنین جێبەجێبکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر دۆخی هەرێم و عێراق بە ئاڕاستەی باشبوون بڕوات ئەوا لە كۆتایی ئەمساڵدا وەزارەتەكەمان بانگهێشتی كۆمپانیا بیانیەكان دەكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە".

باسی لەوەشكرد، "بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە قەرەباڵغی لەسەرشەقامەكانی هەرێمی كوردستان كەمدەبێتەوە."

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند جارێك باسی لە جیبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كردووە و وەك پلانی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتەكەی لەبارەیەوە دواوە.