سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا دەبرێتە بەردەم دادگا

فۆتۆ: 
2020-09-18

2083 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەوەی پێیانوایە سەرکەوتوو نەبووە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، بەشێک لەو کەسانەی لە فەڕەنسا لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان دەبەنە بەردەم دادگا.

میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، فابریس دی فێزیو پارێزەری تایبەتی ئەو هاوڵاتیانەی داوایان لەسەر ژان کاستیکسی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا تۆمارکردووە رایگەیاندووە، کە بە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک لە قوربانیانی کۆرۆنا، داوایەکی بۆ دادگای دادپەروەری کۆماری بەرزکردووەتەوە لەسەر شکستهێنانی سەرۆکوەزیران لە روبەڕوبوونەوەی قەیرانەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە، دەیان داواکاری و سکاڵا لەسەر سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا و حکومەتەکەی دژی باش بەڕێوەنەبردنی "خانەی بەساڵاچووان" لە دادگای کۆماری تۆمارکراون.

یەکێک لە داواکارییەکان رێگەنەدانی حکومەتە بۆ بەکارهێنانی پشکنینی لیکە بۆ دەستنیشانکردنی کۆرۆنا، لەکاتێکدا پشکنینی لوت ئەنجامدەدرێت کە دەرچوونی ئەنجامەکەی چەند رۆژێکی پێدەچێت و بەمەش قەرەباڵغی لە فەرمانگە تەندروستییەکاندا دروستدەکات.

داواکاران دەپرسن، بۆچی لە شوێنە کراوەکان و لەهاویندا خەڵک ناچاردەکرێت ماسک بپۆشن لەکاتێکدا لە نوسینگە داخراوەکاندا ئەم ڕێوشوێنە ناگیرێتەبەر.

لە ئەگەری بڕیاردانی دادگا لە بەرژەوەندی سکاڵاکارەکان، سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا کە کەمتر لە سێ مانگە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بە سزای زیندانیکردن بە دوو ساڵ و غەرامەکردنی بە ٣٠ ملیۆن یۆرۆ سزادەدرێت.