سەردێڕ:

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ ناوچەی هەرێمیان بۆردومانکرد

شەوی ڕابردوو
فۆتۆ: 
2020-09-18

4087 جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا درەنگانی شەوی ڕابردوو، چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومانکرد، بەڵام زیانە گیانی و مادییەکان نەزانراون.

شەوی ڕابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی کێستەی سەر بە شارەدێی کانی ماسیان لە سنوری بادینان بۆردوومانکرد و بەهۆی بۆردوومانەکەوە زیانێکی زۆر بەر ڕەزوباخی هاوڵاتیان کەوتووە و ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.

هاوکات فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانی سنووری خواکورک و گوندی بێرکم-یشیان لە سنوری برادۆست کرد و لەوێش زیانێکی زۆر بەر ڕەزوباخی هاوڵاتیان کەوتووە، بەڵام زیانە گیانییەکان نازانرێت.

هەروەها هەر شەوی ڕابردوو، فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکانی زێوکە و سورەگڵە و نزیک ئاڵێرەشی سەر بە شارەدێی ژاراوەی سەر بە شارۆچەکەی پشدەریان بۆردوومانکرد.

چەندین ساڵە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکەن، بەڵام لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بۆردوومانەکان زیاتر بوون. جگە لە زیانە گیانییەکانیش، زیانێکی زۆر بەر ڕەز و باخی هاوڵاتیان و دارستانەکان و سروشتی کوردستان گەیشتووە.