سەردێڕ:

​ئێران: گرنگ نییە کێ لە هەڵبژاردنی ئەمریکا دەیباتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-18

4751 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا جێی بایەخی وڵاتەکەی نییە و گرنگیش نادەن بە پێناسی ئەو کەسەی لە داهاتوودا کۆشکی سپی بەڕێوەدەبات.

عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڵبژێردراوانی پارت و چالاکوانە سیاسییەکانی وڵاتەکەی لە ئەسفەهان رایگەیاند، "وڵاتەکەمان رووبەڕووی فشار و جەنگێکی ئابووری بێ سەرەوبەرە بووەتەوە لەلایەن دوژمنەکانمانەوە."

راشیگەیاند، "رووبەڕووی دوژمنێکی ستەمکار دەبینەوە کە ستەمکاری لەگەڵ هەموو جیهاندا پەیڕەودەکات، بەڵام زیاتر جەخت لەسەر ئێران دەکاتەوە و بە بیانوی حکومەتەوە. فشار دەخاتە سەر گەلی ئێرانی."

باسی لەوەشکرد، "پێویستە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئێران لە ساڵی ئایندەدا بەهێزبێت، چونکە هەتا دیموکراتی لەناوخۆ لاوازتربێت فشارە دەرەکییەکان زیاتر دەبن و بەپێچەوانەشەوە."

دەشڵێت، گرنگ نییە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا کێ سەردەکەوێت و "کۆشکی کاغەزەکان" کۆشکی سپی بەڕێوەدەبات، ئێمە دەتوانین بە دیموکراتیەوە بەرامبەر دوژمن بووەستینەوە.

وابڕیارە لە رۆژی ٣ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆو بایدن بەڕێوەبچێت و لە ئێستادا لەگەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندان.