سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی دوو ملیار دینارە دزراوەکەی ناو وەزارەتی دارایی

فۆتۆ: 
2020-09-17

17524 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ دزینی دوو ملیار دینارەکەی ناو وەزارەتەکە لە دوو هەفتەی رابردوودا پێکهێناوە.

بەگوێرەی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم و رێککەوتی ئەمڕۆ ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٠ی بەسەرەوەیە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر دزینی دوو ملیار دینار لەناو وەزارەتەکەدا پێکهێنراوە.

بەپێی زانیارییەکان، دوو هەفتە لەمەوبەر دوو ملیار دینار لەناو وەزارەتی داراییدا و لەلایەن فەرمانبەرێکەوە کە توانای جوڵەپێکردنی پارەی وەزارەتەکەی هەیە دزراوە و کەسێکی دیکەش کە ئوتومبێلی بۆ بارکردنی پارەکە هێناوە لە بابەتەکە تێوەگلاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی کامێرای چاودێرییەوە دزییەکە ئاشکراکراوە و فەرمانبەرەکە دانی بە کارەکەیدا ناوە و رایگەیاندووە، کە ئەو کارەی بە مەبەست ئەنجامنەداوە، بەڵکو بۆ گۆڕینەوەی دوو ملیار دینارەکە بووە بە دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی دارایی دوای دوو رۆژ پارەکەیان پێگەڕاندووەتەوە.

لەبارەی پارەکەشەوە، ئێن ئاڕ تی زانیویەتی کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی بەغداوە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بۆ هەرێم نێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا فەرمانبەرەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تا ئەم ساتەش بە هیچ شێوەیەک سزانەدراوە.

هێرش قادر، هەولێر