سەردێڕ:

یەکێتی مامۆستایان داوادەکات خوێندن لە پۆلدا دەستپێبکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-17

20252 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی مامۆستایان داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری خوێندنی ئۆنلایندا دەکات و بەپێویستی دەزانێت خوێندن لە پۆلدا دەستپێبکاتەوە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا لە هەولێر عەبدولواحید محەمەد سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، لە خوێندنی ئۆنلایندا پەروەردە فەرامۆش دەکرێت و تەنها خوێندکار فێردەکرێت، بۆیە داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری خوێندنی ئەلکترۆنیدا بکرێت.

یەکێتی مامۆستایان داواشدەکات، خوێندن بکرێت بە سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ و ڕێکاری تەندروستی لە پۆلەکاندا بگیرێتەبەر و بابەتەکانی خوێندنی قۆناغە جیاوازەکانیش پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت.

لەبارەی موچەشەوە، عەبدولواحید محەمەد دەڵێت، جگە لە بڕینی لەسەدا ٢١ ، موچە بە دوو مانگ دەدرێت، بەو پێیەش دابەشکردنی موچە بۆ هەر مانگێک کەمترە لە نیو موچە، بۆیە ناڕازین و داوا لە حکومەت دەکەین موچەی پێویست بۆ مامۆستایان دابین بکات.

کۆتایی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا خوێندنی قۆناغەکانی یەک و دووی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی، لە پۆلەکاندا دەستپێبکەنەوە و خوێندنی قۆناغەکانی دیکەش ئۆنلاین بێت.