سەردێڕ:

کچە خزمەتگوزارێکی ئەفریقی فڕێدراوەتە سەر شەقامێکی کەرکوک

فۆتۆ: 
2020-09-17

10487 جار خوێندراوەتەوە

کچە ئەفریقییەک کە وەکو خزمەتگوزار لەماڵێکی بەغدا کاریکردووە، باس لەوەدەکات دوای ئەشکەنجەدانی نێردراوە بۆ کەرکوک و لەسەر شەقامێکی ئەو شارەدا فڕێدراوە.

جاوارا ئادامە، خەڵکی باشوری ئەفریقایە و تەمەنی ٢٧ ساڵە و پێشتر لە رێگای کۆمپانیایەکی ئەهلییەوە هاتووەتە بەغدا و لە ماڵێکدا وەکو خزمەتگوزار کاریکردووە.

وەک خۆی دەڵێت، هیچ شتێک لەبارەی ناسنامەی ماڵەکەوە نازانێت و ئەشکەنجەیەکی زۆردراوە لەلایەن منداڵ و دایکی ئەو خانەوادەیە و دواتر سەرجەم ناسنامە و پاسپۆرت و موبایلەکەیان لێوەرگرتووە و لە رێگای ئوتومبێلێکەوە لە بەغداوە ڕەوانەی کەرکوکیان کردووە و لە بەردەم بینای پارێزگای کەرکوک فڕێیان داوەتە سەر شەقامەکە .

موختاری گەڕەکی قۆرییە کە ئێستا کچەکە لەماڵەکەیدا دانراوە تا ئەوکاتەی چارەنوسی یەکلاییدەبێتەوە، باس لەوە دەکات، تائێستا وەک پێویست رێکخراوەکانی مافی مروڤ و ھێزە ئەمنیەکان نەھاتوون بە دەم ھاوکاری کردنی ئەو ژنەوە.

سەجاد جومعە، بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مروڤی عێراق - لقی کەرکوک بە  ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا پەڕاوی لێکوڵینەوە بو ئەو کچە ئەفریقیە کراوەتەوە و بەم نزیکانە دادگا دوای لێکۆڵینەوەی ورد دەرەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.

راشیگەیاند، ھەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ یەکلاییکردنەوەیی کەیسەکە و دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەشکەنجەی ئەو ژنە ئەفریقیەیان داوە.