سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-17

57333 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند، هۆکاری کەمیی دابەشکردنی ئاو لە دوێنێ و ئەمڕۆدا بەهۆی کێشەی کارەباوەیە و ماوەی ٢٠ کاتژمێرە پرۆژەکانی دابەشکردنی ئاو وەستاون.

ئەمشەو پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانی ئاگادار دەکەین بەهۆی کێشەی کارەبا لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگەدا لە هەردوو پرۆژەی ئاوی دوکان - سلێمانی زیاتر لە ۲٠ کاتژمێر دابەشکردنی ئاو وەستاوە."

راشیگەیاند، "بەو هۆیەوە، لەو دوو ڕۆژەدا بڕی ٧٥ هەزار مەترە سێجا بەرهەمهێنانی ئاو لە پڕۆژەکاندا کەمیکردووە کە بووەتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی ناو شاری سلێمانی."

باسی لەوەشکرد، "بە گشتی هۆکاری کەمیی دابەشکردنی ئاو بۆ ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە و هاوکاریتان و تێگەیشتنتان لە کەمیی ئاوی دابەشکراو بەرز دەنرخێنین."

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژ جارێک، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی راگەیەنراو لەسەر کێشەی دابەشکردنی ئاو و شکانی بۆرییەکانی گواستنەوەی ئاو بڵاودەکاتەوە و هاوڵاتیانیش، رۆژانە نیگەرانی خۆیان لە کەمیی بڕی ئاوی دابەشکراو دەردەبڕن.