سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران دابەشدەکرێت

فۆتۆ: 
2020-09-17

9259 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کە بەشی دووەمی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێم خەرجبکات کە زیاتر لە ٢٨ ملیار دینارە و ھەفتەی داھاتوو دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی راگەیاند، "بەشی دووەمی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بریتییە لە ھەشت ملیار و٨٥٠ هەزار دینار بۆ ھەولێر و ١٣ ملیار دینار بۆ سلێمانی و حەوت ملیاریش بۆ دھۆک."

دەشڵێت، ھەفتەی داھاتوو چەکەکان وەردەگرن بۆ ئەوەی بچن پارەکەش وەرگرن و دواتر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت بەسەر جوتیارانی ھەرێمی کوردستاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەپێی بەرنامەیەک چەک بۆ جوتیاران ئامادەکراوە لەوکاتەی گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردووە، کە پارەکەش ئامادە بوو بەپێی ریزبەندی پارەکە بەسەر جوتیاران دابەشدەکەن لە ھەموو  پارێزگاکاندا

پاش ئەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، بەشێك لە جوتیارانی هەرێمی كوردستان داوایان لێكرد پارەی گەنمەکانیان ڕادەستبكاتەوە و ئەویش بەڵێنی پێدان داواكارییەكانیان جێبەجێبكات.