سەردێڕ:

بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردیی کەرکوک گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-09-17

1438 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری مامۆستایانی بەشی خوێندنی کوردی کەرکوک لەبارەی "هەبوونی هەڵەی ڕوون و ئاشکرا" لە تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی ١٢، یاداشتێکی ناڕەزایی راگەیاند.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، کە هەڵەی ڕوون لە تاقیکردنەوەکانی بابەتەکانی ئابوری و کیمیادا هەیە، قوتابیانیش بایکۆتی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەیان کردووە و وەڵامی پرسیارەکانیان نەداوەتەوە.

نوێنەری مامۆستایانی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ئەوەشی خستەڕوو، "دووبارەبوونەوەی ئەم ڕوداوانە لە تاقیکردنەوەکانی بەشی خوێندنی کوردی بە دەست دەزانین لەپێناو ناشیرینکردنی بەشی خوێندنی کوردی، چونکە لە تاقیکردنەوەکانی بەشی خوێندنی تورکی و عەرەبی تا ئێستا کێشە و کەموکوڕی لەو جۆرە ڕووینەداوە."

ناوبراو باسی لەوەشکرد، ڕۆژی یەکشەممە یاداشتێک ئاڕاستەی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدڕاڵ و بەڕێوەبەرایەتی تاقیکردنەوە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتی تاقیکردنەوەکانی بەشی خوێندنی کوردی لە بەغدا لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی تاقیکردنەوەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە کەرکوک هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان بەجێهێشت و گردبوونەوە و رایانگەیاند، "پرسیارە هاتووەوەکان لە کتێبدا نییە و خوێندکاران لەبەر قورسی پرسیارەکان ناتوانن وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە."