سەردێڕ:

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-17

19674 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاند، دوای گواستنەوەی هێڵەکانی ئاوی ئیفراز، بڕیارە ئەمشەو ئاو بگاتەوە شاری ھەولێر و بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێت، کارکردن لە گواستنەوەی بۆرییەکان کۆتایی ھاتووە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی بۆری ژمارە سێی ئاوی ئیفراز لە کاتی کارکردن بۆ گواستنەوەی ئاو زیانی بەرکەوت و شکا، تیمەکانی چاککردنەوە ماوەی دوو ڕۆژ خەریکی چاککردنەوە و گواستنەوەی ھەرسێ هێڵی ئاوی ئیفراز بوون و کارەکانیان لە ئێستادا تەواوبووە و ئەمشەو ئاو دەگەڕێتەوە بۆ شاری هەولێر."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "بۆرییەکان گواستراونەتەوە و بڕیارە ئەم ئێوارەیە وەک تێست بخرێنەکار و بە شێوەیەکی کاتی تاقی بکرێنەوە، تا بزانین بەتەواوەتی چاک بوونەتەوە و کێشەی تریان تێدا نییە."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر کێشەی دیکەمان بۆ دروستنەبێت درەنگانی ئەمشەو لە ڕێگەی ھەرسێ هێڵی ئیفرازەوە ئاو دەگاتە شاری ھەولێر و بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت، واتە کێشەی کەمئاویی بەھۆی گواستنەوەی هێڵەکانی ئاوی ئیفرازەوە کۆتایی دێت."

بەهۆی شكانی بۆری ژمارە سێی هەولێرەوە، ماوەی ماوەی دوو ڕۆژە دانیشتوانی هەولێر ڕووبەڕوی نەبوون یان کەمیی ئاو بوونەتەوە.