سەردێڕ:

داواکاری گشتی: کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدا تیرۆریستییە

فۆتۆ: 
2020-09-17

10968 جار خوێندراوەتەوە

داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق کردووە، هەموو ئەو تۆمەتبارانە دەستگیربکەن کە لە دۆسیەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغداوە تێوەگلاون. هاوکات، رووداوەکەی بە "تیرۆریستی" وەسفکردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم تاوانە قێزەون و تۆقێنەرە کە دەرهەق بە خێزانێکی کوردی عێراقی لە بەغدا ئەنجامدراوە."

راشیگەیاند، "ئەم تاوانە تیرۆریستی و نائەخلاقی و قێزەون و دڕندانەیە و دژ بەهەموو بەهایەکی مرۆڤایەتییە."

ئێوارەی دوێنێ، دژەتیرۆری کوردستان ڤیدیۆی دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، کە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیایە و لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق کارمەندە.

درەنگانی شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تۆمەتباری کوشتنی خێزانە کوردەکەی شاری بەغدایان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە و لەوبارەیەشەوە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران سوپاسى هێزەئەمنییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئەو هەماهەنگییەى کە ئەنجامیانداوە لە دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکەدا.