سەردێڕ:

وردەکاریی کوژرانی خێزانە کوردەکەی بەغدا لە زاری کەسوکارییەوە

فۆتۆ: 
2020-09-17

9047 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی رایگەیاند، تەرمى ئەو خێزانە کوردەى لە شارى بەغدا کوژران گەڕێنرانەوە شارى سلێمانى و بڕیارە لە گۆڕستانی سەیوان بەخاکبسپێردرێن.

لەوبارەوە، کەسوکارێکی کوژراوەکان دەڵێت، رووداوەکە تەنیا لەبەر دزی ئەنجامدراوە و ئەو کەسە لە نزیک ماڵەکەیانەوە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیا بووە.

باسی لەوەشکرد، "ئەوان لەگەڵ هیچ کەسێکدا کێشەی کۆمەڵایەتیان نەبووە و هەر دوێنێ سکاڵامان تۆماکردووە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەین."

دەشڵێت، لە ساڵانی ١٩٦٠ەوە دارا رەئوف لە شاری بەغدا نیشتەجێبووە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی بازرگانی فەرمانبەر بووە و بە هەمان شێوەش خێزانەکەشی لە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی ئەوقاف فەرمانبەربووە.  

درەنگانی شەوی ١٥ی ئەم مانگە، خێزانێکی سێ کەسیی کورد لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران، کە رووداوەکە لە گەڕەکی مەنسوری بەغدا بووە کە ئەو خێزانە لەناو شوقەیەکدا ژیاون و خەڵکی سلێمانی بوون و ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا دەژین.

ئەندامانی خێزانەکە، کچێکیان ناوی شیلان دارا رەئوفە و دەرچووی ساڵی ٢٠١٦ی بەشی دەرمانسازییە و بەگوێرەی میدیا عێراقییەکانیش، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بووە.

ئێوارەی دوێنێش، دژەتیرۆری کوردستان ڤیدیۆی دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، کە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیایە و لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق کارمەندە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبارەکە ناوی مەهدی حسێن ناسر مەتەرە و پێش چوار ساڵ ئەو خێزانە کوردەی ناسیوە و دوو رۆژ لەمەوپێش داوای پارەی لە باوکی شیلان کردووە، بەڵام پێینەداوە و لەسەر ئەوەش بووە بە دەمەقاڵەیان و دواتر هەرسێکیانی کوشتووە.