سەردێڕ:

هەرێم بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغدای رادەستی عێراق کردەوە ​

فۆتۆ: 
2020-09-17

10585 جار خوێندراوەتەوە

هێزەئەمنییەکانی هەرێم بکوژی خێزانە کوردەکەی شاری بەغدایان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە، لەوبارەوە، مستەفا کازمی سوپاسى هێزەئەمنییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کرد بۆ ئەو هەماهەنگییەى کە ئەنجامیانداوە بۆ دەستگیرکردنى بکوژى ئەو خێزانە.  

درەنگانێکى شەوى رابردوو چەند ئەفسەرێکی هێزەئەمنییەکانى عێراق گەیشتنە هەولێر و هێزە ئەمنییەکانى هەرێم بکوژى خێزانە کوردەکەى شارى بەغدایان رادەستکردن، بەو پێیەی لەو شارەدا دۆسیەی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و لەو شارەشدا تاوانەکە روویداوە.

هاوکات، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراقیش تویتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "راستەوخۆ لەگەڵ هێزەئەمنییەکانى عێراق سەرپەرشتى لێکۆڵینەوەکانم کردووە لەو تاوانە قێزەونەى بەرامبەر ئەو خێزانە عێراقییە بەغدادییە کراوە."

کازمی هەر لە تویتەکەیدا، سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانى کردووە بۆ ئەو هەماهەنگییەى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق نواندوویانە، کە بەکاتێکى کەم توانییویانە ئەو تاوانبارە دەستگیربکەن.   

درەنگانی شەوی ١٥ی ئەم مانگە، خێزانێکی سێ کەسیی کورد لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران، کە رووداوەکە لە گەڕەکی مەنسوری بەغدا بووە کە ئەو خێزانە لەناو شوقەیەکدا ژیاون و خەڵکی سلێمانی بوون و ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا دەژین.

ئەندامانی خێزانەکە، کچێکیان ناوی شیلان دارا رەئوفە و دەرچووی ساڵی ٢٠١٦ی بەشی دەرمانسازییە و بەگوێرەی میدیا عێراقییەکانیش، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بووە.

ئێوارەی دوێنێش، دژەتیرۆری کوردستان ڤیدیۆی دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، کە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیایە و لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق کارمەندە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبارەکە ناوی مەهدی حسێن ناسر مەتەرە و پێش چوار ساڵ ئەو خێزانە کوردەی ناسیوە و دوو رۆژ لەمەوپێش داوای پارەی لە باوکی شیلان کردووە، بەڵام پێینەداوە و لەسەر ئەوەش بووە بە دەمەقاڵەیان و دواتر هەرسێکیانی کوشتووە.