سەردێڕ:

راستییەک لەبارەی کوژرانی خێزانە کوردەکەی بەغداوە ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-09-17

112271 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری، دەستدرێژی سێکسی نەکراوەتەسەر ئەندامانی خێزانەکە، بەڵکو بە چەقۆ هێرشکراوەتە سەریان و کوژراون.

هێمن باجەلان، ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان سەردانی پزیشکی دادوەریی بەغدایان کردووە و پێی راگەیاندوون، کە بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی سێکسی نەکراوەتەسەر ئەو خێزانە کوژراوە.

دەشڵێت، دایک و باوکەکە بە چەقۆ کوژراون و کچەکەشیان خنکێنراوە و چاوەڕێی راپۆرتی تەواوی پزیشکیش دەکەن لەسەر رووداوەکە.

باسی لەوەشکرد، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە نییە، بەڵام دوای خنکاندنی، کچە دەرمانسازەکە سوتێنراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش، دژەتیرۆری کوردستان ڤیدیۆی دانپێدانانی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، کە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیایە و لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق کارمەندە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، تۆمەتبارەکە ناوی مەهدی حسێن ناسر مەتەرە و پێش چوار ساڵ ئەو خێزانە کوردەی ناسیوە و دوو رۆژ لەمەوپێش داوای پارەی لە باوکی شیلان کردووە، بەڵام پێینەداوە و لەسەر ئەوەش بووە بە دەمەقاڵەیان و دواتر هەرسێکیانی کوشتووە.

پێشتریش، سەرچاوەیەک لە دژەتیرۆری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە لەسەر ئەو رووداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ تۆمەتباریان لە هەولێر دەستگیرکردووە.

درەنگانی شەوی ١٥ی ئەم مانگە، خێزانێکی سێ کەسیی کورد لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران و بەپێی زانیارییەکانیش، رووداوەکە لە گەڕەکی مەنسوری بەغدا بووە کە ئەو خێزانە لەناو شوقەیەکدا ژیاون و خەڵکی سلێمانی بوون و ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا دەژین.

ئەندامانی خێزانەکە، کچێکیان ناوی شیلان دارا رەئوفە و دەرچووی ساڵی ٢٠١٦ی بەشی دەرمانسازییە و بەگوێرەی میدیا عێراقییەکانیش، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بووە.