سەردێڕ:

لێدوانی کەسوکاری خێزانە کوژراوەکەی بەغدا بۆ ئێن ئاڕ تی

فۆتۆ: 
2020-09-16

36775 جار خوێندراوەتەوە

رووداوەکە لە بەغدا روویدا، بەڵام قوربانییەکانى کوردن، شێوازى ئەنجامدانى تاوانەکەش خەڵکى بەغدا و هەرێمى کوردستانى توشى شۆک کرد.

باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەنسوورە لە بەغدای پایتەخت، شەوی ١٥ی ئەم مانگە بووە شاهیدى کۆمەڵکوژى دایک و باوکێک و کچە تاقانەکەیان، کە لە وردەکاریی رووداوەکەدا چوار چەکدار دەچنە سەر ماڵى خێزانە کوردەکە بەمەبەستى دزیکردن، بەڵام پلانى دزیکردنەکە گۆڕا بۆ کۆمەڵکوژیی دارا و هاوسەرەکەى و شیلانى کچیان.

تا ئێستا پۆلیسی بەغدا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردۆتەوە و پزیشکی دادی بەغدا و پۆلیسی شارەکەش بە کەسوکاری کوژراوەکانی راگەیاندووە کە ئەندامانی خێزانەکە بە خنکێندراویی لە ماڵەکەدا دۆزراونەتەوە و رووداوەکەش بەهۆی دزیکردنەوە روویداوە.

هەر لەسەر رووداوەکە سەرچاوەیەک لە دژەتیرۆری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی، بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغدا لە پارێزگای هەولێر دەستگیرکراوە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێدەچێت بکوژەکە کەسێکی نزیکی خێزانەکە بێت.

هێمن باجەلان ئەندامى کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقیش دەڵێت، هەموو ئەو بابەتانە دوورن لە راستییەوە کە دەوترێت قوربانییەکان سەربڕابن یان دەستدرێژی کرابێتە سەر کچی ماڵەکە.

بڕیارە تەرمی ئەو سێ هاوڵاتییە کوردە لە گۆڕستانی سەیوان لە شارى سلێمانی ئەسپەردەی خاک بکرێن.

بە پێی ئەو زانیارییانەی هەیە ئەو خێزانە کوردە لە ئامادەکاریدابوون بۆئەوەی بە یەکجاری بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش کچەکەیان شیلان دارا رەئووف کە دەرمانسازە، دەرمانخانەکەی فرۆشتووە و باوکیشی دارا رەئووف خانووەکەی فرۆشتووە.

ئەو خێزانە کوردە خەڵکی سلێمانین و چەند ساڵێکە دانیشتووی بەغدا بوون. شیلانی کچیان بەشی دەرمانسازی لە ساڵی ٢٠١٦ لە بەغدا تەواو کردووە و لەوێ دەستبەکاربووە، بەنیازبوون بە یەکجاری بگەڕێنەوە کوردستان.