سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەت لەبارەی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغداوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-09-16

26646 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی هەولێر "بە زووترین کات" توانیویانە تۆمەتباری سەرەکی رووداوی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدا دەستگیربکەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بەبۆنەی رووداوی کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغداوە ئاماژەی بەوەکرد، "لە شاری بەغدا بە شێوەیەکی دڕندانە دارا رەئوف و هاوسەری و کچێکی شەهیدکران، ئەم  تاوانە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەم."

دەشڵێت، "دەستخۆشی لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر دەکەم کە توانییان بە زووترین کات، تاوانباری سەرەکی دەستگیر بکەن."

ئێوارەی ئەمڕۆ، دژەتیرۆری کوردستان دانپێدانانی تۆمەتباری کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، کە پاسەوانی باڵیۆزخانەی روسیایە و لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق کارمەندە.

پێشتر، سەرچاوەیەک لە دژەتیرۆری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە لەسەر ئەو رووداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ تۆمەتباریان لە هەولێر دەستگیرکردووە.

درەنگانی شەوی رابردوو، خێزانێکی سێ کەسی کورد لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران، هاوکات رووداوەکە لە گەڕەکی مەنسوری بەغدا بووە کە ئەو خێزانە لەناو شوقەیەکدا ژیاون و خەڵکی سلێمانی بوون و ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا دەژین.