سەردێڕ:

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی ئاشکراکرد

موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ
فۆتۆ: 
2020-09-16

249298 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، بەغدا حیسابی وەزارەتێک بۆ حکومەتی هەرێم دەکات و لەبەرئەوەی هێشتا موچەی وەزارەتەکانی خۆی دابەشنەکردووە، ئەوا بڕە بودجە دیاریکراوەکەشی بۆ هەولێر نەناردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، لە حکومەتی عێراقدا حیسابی وەزارەتێکمان بۆ دەکرێت و وەکو سێیەم وەزارەتیش دیاریکراوین."

دەشڵێت، وەکو وەزارەتی دارایی دەیانەوێت بە تەواوی بەرچاویان روون ببێتەوە و حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی بکات و لە سێیەم وەزارەتدا بڕی ٣٢٠ ملیار دینارە بڕیار لەسەردراوەکە بنێرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و واچاوەڕواندەکرا باس و خواسی موچە و بڕیاردان لە رۆژ و کاتی دابەشکردنی یەکێک بێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی، بەڵام بەپێی زانیارییەکان بە هیچ شێوەیەک باسی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم نەکراوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە وەزارەتەکە دەستی بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان کردووە و بۆ ئەوەش، داوای لە سەرجەم وەزارەت و شوێنەکان کردووە لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بە لێبڕینی ٢١% رەوانە بکەن.

وتیشی، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، بە لێبڕینی ٢١% دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستپێبکاتەوە، بەڵام لە نوێترین هەواڵدا، دەڵێن کە چاوەڕێی ناردنی بودجەکەی بەغدان.

بەپێی زانیارییەکان، لە سبەینێوە، حکومەتی بەغدا دەست بە خستنەسەری موچەی وەزارەتەکانی بۆ سەر هەژمارەکانیان دەکات و بەوەش، چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕی ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بنێرێت.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی راگرت.

لە پاش ئەو بڕیارەشەوە، حکومەتی هەرێم لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی بەغدا مانگانە دەینێرێت، تەنیا سێ مانگ توانیویەتی موچە دابەشبکات کە دووانیان بە لێبڕینی ٢١% بووە.

ئەو موچەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش بکرێت، بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و فەرمانبەران جگە لەوەی دەیان موچەی مانگانەی ساڵانی رابردوویان لەلای حکومەتی هەرێمە، هاوکات، لەمساڵیشدا کە ئێستا بەرەو مانگی ١٠ هەنگاو دەنێین، تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە.

هێرش قادر، هەولێر