سەردێڕ:

سەرچاوەیەک لە دژەتیرۆری عێراق: بکوژانی خێزانە کوردەکەی بەغدا لە هەولێر دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-09-16

213635 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە دژەتیرۆری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی، بکوژانی خێزانە کوردەکەی بەغدا لە پارێزگای هەولێر دەستگیرکراون.

هاوکات، ئومێد محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە رایگەیاند، "بکوژەکان بڕی ٢٤ دەفتەر (٢٤٠ هەزار دۆلار)یان لە خێزانەکە دزیوە."

دەشڵێت، بەگوێرەی چەند زانیارییەکی سەرەتایی، بکوژەکان کەسانی ناسرا و نزیکی خێزانەکە بوون.

لەلایەکی دیکەوە و لەبارەی چۆنێتی رووداوەکەوە، هێمن باجەلان، ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دایک و باوکەکە بە چەقۆ کوژراون و کچەکەشیان خنکێنراوە و چاوەڕێی راپۆرتی تەواوی پزیشکیش دەکەن لەسەر رووداوەکە.

باسی لەوەشکرد، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیانەوە نییە، بەڵام دوای خنکاندنی، کچە دەرمانسازەکە سوتێنراوە.

درەنگانی شەوی رابردوو، خێزانێکی سێ کەسی کورد لە بەغدا و لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران، هاوکات رووداوەکە لە گەڕەکی مەنسوری لە بەغدا بووە کە ئەو خێزانە لەناو شوقەیەکدا ژیاون و خەڵکی سلێمانی بوون و ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا دەژین.