سەردێڕ:

بەرامبەر سکاڵایەکی مەلا بەختیار شوان عادل بە کەفالەت ئازادکرا

فۆتۆ: 
2020-09-16

11088 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرامبەر دوو سکاڵادا، شوان عادل وەک بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە کەفالەت ئازادکرا، کە یەکێکیان سکاڵای مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییە.

لە ١٢ی شوباتی ئەمساڵدا، لە پانێڵێکدا لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و کاریگەری لەسەر هەرێم لە هەولێر، مەلا بەختیار باسى لەوەکرد، "لەو دوو ساڵەی حکومەتی هەرێم توشی پاشەکەوتی موچە و کێشە بووە لەگەڵ عێراق، ئەوەی حکومەتی هەرێم کردوویەتى بارتەقای هەموو ئەو خەباتە سیاسیەیە کە بە درێژایی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵی رابردوو کراوە.

بەڵام ئێن ئاڕ تى دەقى خودى قسەکەى ناوبراوى وەک خۆى بڵاوکردووەتەوە، کەچى سکاڵاى تۆمارکردووە، پۆلیسیش بە کەفالەت شوان عادلى ئازادکردووە تا رۆژى دادگاییکردنەکەى.

سکاڵای دووەمیش لەسەر بڵاوکردنەوەى راگەیەنراوى کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆی سلێمانی بووە، کە باسیان لەوە کردووە، "لەلایەن دەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە حزبی کراوە، تاقیکردنەوەکانی تاقیگەکەی زانکۆی سلێمانیش هیچ توێژینەوەیەکی تێدا نەکراوە و تەنها نمایشێکی ئاست نزمە."

ئەم دوو سکاڵایە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەى لە ٢ی ئەم مانگەدا، لەسەر دوو دۆسیە، هێزێکی ئەمنی لەناو نوسینگەی سەرەکى کەناڵەکە شوان عادل-یان دەستگیرکرد، دۆسیەی یەکەمیان لەسەر سکاڵاى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتی بوو.

دۆسیەی دووەمیشیان، لەسەر بەکارهێنانى ڤیدیۆیەک بوو کە دەگەڕایەوە بۆ کەسێک، کە لە یوتیوب بڵاویکردبووەوە بەبێ لۆگۆ، بەبێ ئەوەى ڤیدیۆکە تایبەت بێت بە هیچ ئاژانس و دامەزراوەیەکى میدیایی، بۆیە ئێن ئاڕ تى ئەو ڤیدیۆیەى بەکارهێنابوو، لە کاتێکدا هیچ دەقێکى یاسایی نییە باس لە بەکارنەهێنانى ڤیدیۆى یوتیوب بکات.

ئەم فشارانەى یەکێک لە حزبەکانى دەسەڵات لە سنورى سلێمانى لە کاتێکدایە، ٢٦ رۆژە نوسینگەکانى ئێن ئاڕ تى لە شارەکانى هەولێر و دهۆک بەبێ هیچ نوسراوێکى فەرمى و بەبێ هیچ پاساوێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتەوە داخراوە.