سەردێڕ:

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم لەسەر چەند تەوەرێک کۆبووەوە

فۆتۆ: 
2020-09-16

19652 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و تیایدا باسی دابەشکردنی موچە نەکرا، سەرۆکی حکومەتیش رایگەیاند، کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا تەنیا موچە و شایستەی دارایی ھەرێم نییە، بەڵکو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و ماف و شایستە دەستورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە تەوەری ناکۆکیانە لەگەڵ بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێم بە ئۆنلاین کۆبووەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا باسی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان نەکرد و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

دواتریش، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی بۆ بەغدا کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، گفتوگۆکان بەو ئاڕاستەیە بەردەوامن کە رێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠یان خستەڕوو، کە لە رۆژی ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند کرا و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا، تیشکیان خستەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەنديیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، گفتوگۆ لەبارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٣ کرا، کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.