سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: حکومەت ئۆنلاینە کەچی داوا لە فەرمانبەران دەکات دەوام بکەن

فۆتۆ: 
2020-09-16

3750 جار خوێندراوەتەوە

 پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەت بە ٢٠ ئەندامەوە بە ئۆنلاین لەپشتی کۆمپیوتەرەکانیان لە ماڵەوە کۆدەبنەوە، بە فەرمانبەرانیش دەڵێت، دەبێت لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ دەوام بکەن و هێشتا موچەی مانگی نیسانیشی پێنەداون.

کاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "نێوانی بینای حکومەت و پەرلەمان تەنها سەد مەترێکە، ئەمڕۆ هەردووکیان کۆبوونەوەیان هەیە، پەرلەمان بە ١١١ ئەندامیەوە لە هۆڵی پەرلەمان کۆدەبنەوە، کەچی حکومەت بە ٢٠ ئەندامەوە بە ئۆنلاین لەپشتی کۆمپیوتەرەکانیان لە ماڵەوە کۆدەبێتەوە، بە فەرمانبەرانیش دەڵێت، دەبێت ئێوە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ دەوام بکەن و هێشتا موچەی مانگی نیسانیشی پێنەداون، ئەوا بەرەو کۆتای مانگی ئەیلول دەچین."

کاوە عەبدولقادر دەشڵێت، "هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، کە ئەم حکومەتە ئۆنلاینە لە دۆڵێکدایە و هاوڵاتیانیش لە دۆڵێکی تردا."

باسی لەوەشكردووە، "ئەمە حکومەتێکی شکستخواردووە و دوورە لە رەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگاکەمان و بەهیچ شێوەیەک هەڵگری خەمەکانی خەڵک نییە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٣ی ئەم مانگەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە گشت فەرمانبەرانی حکومەت پابەندبن بە دەوامی فەرمی لە یەکشەممەوە تا پێنجشەممە و لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوەکو ٣ی دوانیوەڕۆ، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لەرێگای ئۆنلاینەوە ئەنجام دەدات.