سەردێڕ:

فازڵ میرانی: پەکەکە هێندەى زیانى بۆ هەرێم هەبووە بۆ تورکیاى نەبووە

فۆتۆ: 
2020-09-16

3506 جار خوێندراوەتەوە

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگەیاند، په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زیانی بۆ كوردستانی عێراق دروستكردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ توركیا دروستنه‌كردووه‌، دەشڵێت، نیازێک بۆ کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم هەیە.

فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، "په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زیانی بۆ كوردستانی عێراق دروستكردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ توركیا دروستنه‌كردووه‌، په‌كه‌كه‌ بۆ دێته‌وه‌ كوردستانی عێراق و توركیا به‌دوای خۆیدا دێنێته‌وه‌، توركیای هێنا هه‌موو وڵاتی ئێمه‌ی ئاگر تێ به‌ردا كاولی كرد."

دەشڵێت، "په‌كه‌كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر توركیا نه‌ماوه‌ مه‌ترسی په‌كه‌كه‌ بۆ توركیا له‌ سوریا و له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌بێت، فه‌ره‌نسا و وڵاتان ده‌بێت ئه‌مه‌ بزانن توركیا نه‌هاتووه‌ موسڵ بگرێته‌وه‌ توركیا هاتووه‌ مه‌ترسی په‌كه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆی لابه‌رێت، ئێمه‌ نه‌ده‌بینه‌ محامی په‌كه‌كه‌ وه‌ناشبینه‌ محامی توركیا به‌ڵام ئه‌مه‌ واقیعه‌."

فازڵ میرانى لەبارەى سەردانەکەى سەرۆکى فەرەنسا بۆ هەرێم ئاماژەى بەوەکردووە، "دڵنیام كه‌ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم شتی نوێی بە ئیمانوێل ماکرۆنى سەرۆکى فەرەنسا وتووه‌ كه‌ خه‌ڵكی تر پێی نه‌وتووه‌ یان ماكرۆنیش نه‌یزانیووه‌."

فازڵ میرانى لەبارەى رێککەوتنى نێوان گۆڕان و پارتى دەڵێت، "گۆڕان شه‌ریكی ئێمه‌یه‌ و ناكرێت له‌سه‌ر به‌ڕه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا بین و له‌ژێر به‌ڕه‌كه‌ له‌ ئۆپزیسیۆن بین و براده‌رانی گۆڕان خۆیان نیگه‌رانی ئه‌م بارودۆخه‌ن و هه‌وڵیانداوه‌ چاكی بكه‌نه‌وه‌ بە‌جۆرێك ناكۆكی كه‌وته‌ ناو كوتله‌كه‌ی براده‌رانی گۆڕان."

هەروەها، لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى دەڵێت، "به‌مزووانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئێستا چاوه‌ڕێی یه‌كێتین و نیازێكیش هه‌یه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم."

فازڵ میرانى لەبارەى سەردانەکەى مستەفا کازمى بۆ هەرێم ئەوەى خستووەتەڕوو، "سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی لایه‌نێكی خۆهه‌ڵكێشان و خۆ نمایشكردنی تێدابوو ".