سەردێڕ:

جوتیار عادل: ئەمڕۆ حکومەت لە رێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-16

13784 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ، حکومەت لەبارەی چەند پرسێکەوە بە ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆدەبێتەوە. هاوکات، لە هیچ کام لە تەوەرەکاندا باسی کات و چۆنێتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران نەکراوە.

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ى ئەیلولى ٢٠٢٠، حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى بەڕێوەدەبات، بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت لە رێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە و تێیدا دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەى بودجە و وزەوە تاوتوێ دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٠ى عێراقی فیدراڵ و بنه‌ما ستراتیژییه‌كانی گشتی بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵه‌كانی ٢٠٢١-٢٠٢٣ تاوتوێ دەکرێت."

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، مانگێک بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەراندا تێپەڕیوە و هێشتا حکومەت فەرمانگە حکومییەکانی بۆ ئامادەکردنی لیستی موچەش رانەسپاردووە، لە کاتێکدا، فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی ئەیلولدان و تا ئێستا موچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، هاوکات، لە دوو مانگی رابردووشدا بە لێبڕینی ٪٢١ەوە موچە بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا دابەشکراوە.

مانگانە، حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ بڕى ٣٢٠ ملیار دینار بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەنێرێت، بەڵام بەرپرسانى هەرێم، بەشێوەى لێبرینى ٢١% موچە دابەشدەکەن و هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن، ئاخۆ حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ چی لێدەکات.