سەردێڕ:

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی موچەوە کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-16

64017 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، پرسی کات و چۆنێتی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ بە لێبڕینی ٢١% دیاریدەکرێت.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وابڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جگە لە پرسی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، تاوتوێی بودجەی عێراق، سەردانی مستەفا کازمی بۆ هەرێم و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، بە لێبڕینی ٢١% دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستپێبکاتەوە.

باسی لەوەشکردبوو، وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان کردووە و بۆ ئەمجارەش، هەروەکو دوو مانگی رابردوو، دابەشکردنی موچە بە لێبڕینی ٢١% دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم وەزارەت و شوێنەکان کردووە لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بە لێبڕینی ٢١% رەوانە بکەن.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی راگرت.

لە پاش ئەو بڕیارەشەوە، حکومەتی هەرێم لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی بەغدا مانگانە دەینێرێت، تەنیا سێ مانگ توانیویەتی موچە دابەشبکات، کە دووانیان بە لێبڕینی ٢١% بووە.

ئەو موچەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشبکرێت، موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵە و فەرمانبەران جگە لەوەی دەیان موچەی مانگانەی ساڵانی رابردوویان لەلای حکومەتی هەرێمە، لەمساڵیشدا کە ئێستا بەرەو مانگی ١٠ هەنگاو دەنێین، تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە.

محەمەد عامر، هەولێر