سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی پارەی پشکنینی بەڕادی ئۆتۆمبێل دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-15

4049 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە شێوەی جیاجیا پارە لە هاوڵاتیان دەسەنن و بەشێک لە هاوڵاتیانیش دەڵێن، لەماوەی رابردوودا پشکنینی بەڕادی ئۆتۆمبێل بێبەرامبەر بووە، بەڵام لە ئێستادا ٢٥ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.

لەدوای ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان نیگەرانی خۆیان لە وەرگرتنی بڕی ٢٥ هەزار دینار بۆ پشکنینی بەڕادی ئۆتۆمبێلەکانیان دەربڕی و هاوکات ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش باسی گرێبەستێکی وەزارەتی ناوخۆی کرد لەگەڵ دوو کۆمپانیا بۆ پشکنینی بەڕادی ئۆتۆمبێل بە پارە، بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کرد، بەشێک لەو هاوڵاتیانە دەڵێن لەماوەی رابردوودا پشکنینی بەڕادی ئۆتۆمبێل بە بێبەرامبەر بووە، بەڵام لە ئێستادا ٢٥ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ئێستا پشکنینەکە دراوە بە کۆمپانیایەک و دەبێت شۆفێر بۆ ئەو پشکنینە بچێتە کەڵەوانان و لەوێشەوە ٢٠ خولەک بە جادەی خۆڵدا بڕوات و لای کۆمپانیاکە بە ٢٥ هەزار دینار پشکنینی بەڕاد بۆ ئۆتۆمبێلەکەی بکات.

وەک تیمی ئێن ئاڕ تی مەودایەکی زۆر رۆشتین، لە سلێمانی و تاسڵوجە دوورکەوتینەوە و تاگەیشتینە شەقامێکی خۆڵ و دواتر ئەو بینایەی کە بۆ پشکنینی بەڕادی یۆتۆمبێلی هاوڵاتیان بە پارە دروستکراوە کە دەکەوێتە ناوچەی کەڵەوانان و تەنیشت لادێی کانی مەنم، بەڵام هێشتا بیناکە چۆڵ بوو و کۆمپانیاکەش دەستی بەکارەکانی نەکردووە.

فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی رەتی کردەوە کە بە ٢٥ هەزار دینار پشکنین بۆ بەڕادی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان بکرێت و وتیشی، لە ڕابردوودا گرێبەستێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە گەڵ ئەو کۆمپانیایە کراوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو شوێنانەی پشکنینی بەڕادی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەکەن لە شوێنێک کۆبکرێتەوە و لەوێ کار بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی سەبارەت بە نرخی پشکنینەکەش دەڵێت، نرخی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی ئاسایی  پێنج هەزار دینار و بۆ بارهەڵگر  شەش هەزار دینارە.

لە سلێمانی ١٠ شوێن هەیە کە ١٠ لیژنە لەو شوێنانە پشکنین بۆ بەڕادی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەکەن، لەماوەی ڕابردوودا بەبێ بەرامبەر ئەو پشکنینە دەکرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ وە وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆژەیەکەی داواە  بە کۆمپانیایەک و  بۆ لەمەوبەدوا لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بە پارە پشکنینەکە بۆ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەکرێت.