سەردێڕ:

واژۆکردنی رێککەوتننامەی نێوان ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2020-09-15

1774 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا وتاری دەستپێکی مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتننامەی مێژووی نێوان ئیمارات و بەحرەینی لەگەڵ ئیسرائیل لە کۆشکی سپی پێشکەشکرد و تێیدا، باسی لە لایەنە باشەکانی ئەو رێککەوتننامەیە کرد.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و پلانێکی گەورەی ئاشتیشمان بۆ ئەو ناوچەیە بەدەستەوەیە."

دەشڵێت، لەمەودوا رێگە بە مسوڵمانانی جیهان دەدرێت سەردانی مزگەوتی ئەقسا لە قودس بکەن و وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین باڵیۆزخانە لە ئیسرائیل بکەنەوە و بەپێچەوانەشەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، جگە لە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە، هاوکات، هەریەک لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات و عەبدولەتیف ئەلزەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئامادەی مەراسیمی واژۆکردنەکەن.

بەپێی خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، رێککەوتنی نێوانیان وا دەکات ئەو دوو وڵاتە هاوئاهەنگی لەبواری ئابوری و تەکنەلۆژیدا بکەن. هەروەها باڵیۆزخانەی هەردوولا لەو دوو وڵاتە دەکرێتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، رێککەوتنەکە وا دەکات پرۆژەی لکاندنی بەشێکی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە دوابکەوێت، بەڵام ئیمارات لە زاری بەرپرسەکانیەوە رێککەوتنەکە وا دەبینێت کە بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو پرۆژەیەی ئیسرائیل.

لەگەڵ ئەوەشدا، رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیل دوای کەمتر لە یەک مانگ دێت لە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بە سەرپەرشتی ئەمریکا.

لە راگەیەنراوی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەحرەیندا هاتبوو، "ئەمە بەرەوپێشچوونێکی مێژوییە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەستپێکردنی گفتوگۆ و پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان ئەم دوو کۆمەڵگە ئابورییە پێشکەوتووە، بەردەوامی بە گۆڕانە ئەرێنییەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە زیاددەکات."

ئیمارات بووە یەکەمین و بەحرەینیش دووەمین وڵاتی کەنداو و هاوکات، سێیەم و چوارەم وڵاتی عەرەبی دوای ئوردن و میسر کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکەنەوە.

ئەگەرچی زۆرێک لە وڵاتان ئەم رێککەوتنانە بە ئامرازێک بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە دەزانن، بەڵام ئێران بە "گەمژەیی ستراتیژی" ناوی دەبات و تورکیاش هەڕەشەی کشانەوەی باڵیۆزخانەکانی لەو وڵاتە عەرەبیانەدا دەکات.