سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاریی نوێ لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاودەکاتەوە

موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ
فۆتۆ: 
2020-09-15

336313 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا، پرسی کات و چۆنێتی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ بە لێبڕینی ٢١% دیاریدەکرێت.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وابڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەینێ چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا، جگە لە پرسی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران، هاوکات، تاوتوێی بودجەی عێراق، سەردانی مستەفا کازمی بۆ هەرێم و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە، بە لێبڕینی ٢١% دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەستپێبکاتەوە.

راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان کردووە و هاوکات، بۆ ئەمجارەش، هەروەکو دوو مانگی رابردوو، دابەشکردنی موچە بە لێبڕینی ٢١% دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم وەزارەت و شوێنەکان کردووە لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بە لێبڕینی ٢١% رەوانە بکەن.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی راگرت.

لە پاش ئەو بڕیارەشەوە، حکومەتی هەرێم لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی بەغدا مانگانە دەینێرێت، تەنیا سێ مانگ توانیویەتی موچە دابەش بکات کە دووانیان بە لێبڕینی ٢١% بووە.

ئەو موچەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش بکرێت، بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و فەرمانبەران جگە لەوەی دەیان موچەی مانگانەی ساڵانی رابردوویان لەلای حکومەتی هەرێمە، هاوکات، لەمساڵیشدا کە ئێستا بەرەو مانگی ١٠ هەنگاو دەنێین، تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە.

محەمەد عامر، هەولێر