سەردێڕ:

کازم فاروق: پێداگریمان کرد وشەی بەخۆڕایی لە یاسای ماف و ئەرکی نەخۆشدا جێگیربکرێت

فۆتۆ: 
2020-09-15

2657 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەوڵیانداوە وشەی "بەخۆڕایی" لە پرۆژەیاسای ماف و ئەرکی نەخۆشدا جێگیربکرێت، تاوەکو لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بە بێ بەرامبەر خزمەتی هاوڵاتیان بکرێت.

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر وشەی "بەخۆڕایی" لە پرۆژەیاساکەدا لاببرایە، ئەوا دەبووە مەترسی لەسەر تەندروستی و دەرگایەکی گەورەی بۆ کەرتی تایبەت و نەخۆشخانەی ئەهلی دەکردەوە.

راشیگەیاند، ئەگەر ئەو وشەیە جێگیرنەکرایە، ئەوا تەندروستی ئەم وڵاتە بە تەواوەتی دەکرایە کەرتی تایبەت و بەرەو ئاڕاستەی پارەکێشانەوە لە نەخۆش دەڕۆیشت.

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بە دەنگی ٧٠ پەرلەمانتار پێشنیازەیاسای ماف و ئەرکی نەخۆشی پەسەند کرد.

٨ی ئەم مانگە دانيشتنی پەرلەمان بەڕێوەچوو بەشێک لە فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران رەخنەیان لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانیان گرت و رايانگەياند دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کەمتەرخەمە لە دیاریکردنی کێشەکان و خەمی خەڵک بۆ خستنە ناو بەرنامەی کاری دانیشتن.