سەردێڕ:

شارەوانی سلێمانی خزمەتگوزارییە خۆڕاییەکانی ناشتنی تەرم لەلایەن نەوەی نوێوە رەتدەکاتەوە و بە پارە دەیدات بە کۆمپانیایەک

فۆتۆ: 
2020-09-15

5344 جار خوێندراوەتەوە

شارەوانی سلێمانی ئامادەنییە زەوی بۆ گۆڕستان دابین بکات کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئامادەیە خزمەتگوزاری بێبەرامبەری بۆ  دابین بکات، بەڵام زەوی بۆ ئەو کۆمپانیایە دابین دەکات کە داوای پارە دەکات لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی ناشتنی تەرمدا.

شارەوانی سلێمانی لەبارەی دابینکردنی زەوی بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاوەکو بێ بەرامبەر خزمەتگوزاریی لە گۆڕستاندا بۆ هاوڵاتیان دابین بکات وەڵامی جوڵانەوەی نەوەی نوێی دایەوە و رایگەیاندووە، ئەوان ئامادەنین زەوی بدەن بەو جوڵانەوەیە تاوەکو بێ بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵام ئامادەیە زەوی بۆ ئەو کۆمپانیایە دابین بکات کە لە بەرامبەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا داوای پارە لە هاوڵاتیان دەکات.

پێشتر، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو خزمەتگوزاری گۆڕستانی نوێی شاری سلێمانی لە ئەستۆ بگرێت، ئەگەر زەوی دیاریکراویان بۆ دابین بکرێت.

جوڵانەوەکە ئەوەشیان خستبووەڕوو، ئەوان پلانی ئەندازیارانە و نەخشەی گونجاوی سەردەمیانە و خزمەتگوزارییەکان و ئامێری بۆ دابین دەکەن و لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بەبێ بەرامبەر و بەخۆڕایی خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی هاوڵاتیان دەکەن.

لە ماوەی رابردوودا، کۆمپانیای تایبەت بە ناشتنی مردوو لە سلێمانی رایگەیاند، کە نرخی ناشتنی تەرمی کەسانی خوار ١٢ ساڵ ١٧٥ هەزارە و کەسانی سەروو ١٢ ساڵیش ٢٦٠ هەزارە.

دوابەدوای ئەوەش، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ رایگەیاند، جوڵانەوەکەیان ئامادەیە خزمەتگوزاریی ناشتنی مردوو بەخۆڕایی بکات و دواتر بەو مەبەستە نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کرد.